هه‌موومان بیستومانه كه فیلسووفه‌كان و تیۆریسیه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان گوتوویانه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسیه، به‌و واتایه‌ی كه له سرشت و جه‌وهه‌ری خۆیدا، بۆ مانه‌وه‌ی، پێویستی به كۆمه‌ڵگا و ژیان بردنه سه‌ر له چوارچێوه‌یه‌كی سیاسیدایه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و چوارچێوه‌یه خێزانێكیش بێت.
دیاره بۆچوونی فه‌لسه‌فی، تیۆری زانستی نیه كه به تاقیكردنه‌وه‌ی، درووست یان هه‌ڵه‌بوونی ده‌ر كه‌وێت. ته‌نیا ده‌توانین بڵێین كه ئه‌و بیرۆكه‌و ئه‌ندێشانه چه‌نده عه‌قڵانی، مه‌نتقی و لۆژیكین. ئه‌وه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنه‌ما فكریه‌كانی هه‌ر كه‌سێك كه چۆن بڕوانێته ئه‌و ئه‌ندێشانه وه چه‌نده به‌رانبه‌ریان سه‌مپاتی هه‌بێت یان دژیان ڕاوه‌ستێت و شتێكی دیكه بڵێت. هه‌ندێك ته‌نانه‌ت تا ئه‌و ڕاده‌یه ده‌ڕۆن كه جگه له فه‌لسه‌فه، كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسیش به زانست نازانن و تیۆریه‌كانیان به مه‌نتق و عه‌قڵانیه‌تی خۆیان به‌راورد ده‌كه‌ن نه به تاقی كردنه‌وه‌ی زانستیانه. به‌هه‌رحاڵ، من وه‌ك خۆم بڕوام به زات یان سرشتی مرۆڤایه‌تی نیه، بڕوام وایه كه مرۆڤ به هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی ژنێتیكی دێته دنیاوه كه دواتر تایبه‌تمه‌ندی جه‌سته‌یی و ده‌روونی ده‌دات به‌و كه‌سه، به‌ڵام ئه‌وانه نابنه هۆی ئه‌وه‌ی كه بتوانین بڵێین كه سرشتی ئه‌و، كۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسی، یان بۆ نموونه سرشتێكی خواناسانه‌ی بێت یان شتی دیكه...
مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه چوونكه، په‌روه‌رده‌ی، په‌روه‌رده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه، ئێمه هیچ نین بێجگه له‌وه‌ی كه فێری ده‌بین، دیاره ئه‌و فێربوونه له به‌ستێنی تایبه‌تمه‌ندیه ژنێتیكیه‌كاندا، تایبه‌تمه‌ندی نوێی ئه‌خلاقی و ده‌روونی ده‌خوڵقێنێت. مرۆڤ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه كه كۆمه‌ڵگای خۆی دروونی ده‌كاته‌وه‌و دواتر گشت ئه‌و شتانه به مڵكی خۆی ده‌زانێت. به‌ها ئه‌خلاقیه‌كان، كه‌لتوور و كه‌له‌پوور، سیاسیه‌ت، ته‌نانه‌ت شێوه‌ی بیركردنه‌وه، خواپه‌رستی و... له كۆمه‌ڵگاكه‌ی ده‌گرێت و وه‌ك مرۆڤێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خوڵقێت. من له‌و بڕوایه‌دام كه مرۆڤ ئاوێنه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌تی وه وه‌ك تاك ناتوانێت سه‌ربه‌خۆیی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر باش بێت یان خراپ، نه‌وه‌ك تاك، به‌ڵكوو ده‌بێت وه‌ك كۆمه‌ڵ چاوی لێ بكرێت. كاتێك كه‌سێك تاوانێك ده‌كات، ئه‌وه كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌تی كه ئه‌و جه‌نایه‌ته‌ی خوڵقاندوه. ده‌توانین به بێ كۆتایی له‌م شێوه‌یه نموونه بهێنینه‌وه. مرۆڤ به‌رانبه‌ر به كۆمه‌ڵگاكه‌ی وه‌ك بووكه شووشه‌یه‌كه كه یاری پێ ده‌كرێت به‌ڵام خۆی لای وایه كه ئه‌و یاریه به ئاره‌زوو و ئازادی تاك به‌ڕێوه ده‌بات...
له‌وانه‌یه كه‌سێك ئه‌و پرسیاره‌ی بۆ بێته پێش: " خۆ كۆمه‌ڵگا، یه‌ك كۆمه‌ڵگایه، ئه‌ی بۆ هه‌م خراپ ده‌خوڵقێنت هه‌م باش؟ هه‌م تاوانبار په‌روه‌رده ده‌كات، هه‌م پیاو چاك؟" وڵامی من ئه‌وه‌یه كه وڵامی ئه‌م پرسیاره له سرشتی پرسیاره‌كه‌دایه! چوونكو، به‌ها ئه‌خلاقیه‌كان له لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه ده‌خوڵقێت. چاكه و خراپه، چی به باش بزانین یان خراپ، ئه‌و به‌هادانانه، كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر ئێمه‌ی تاكدا ده‌یسه‌پێنێت. كۆمه‌ڵگا لێوانلێوه له دژایه‌تی و گۆڕان له‌م دژایه‌تیه سه‌رچاوه ده‌گرێت، نه هه‌وڵی تاكه‌كان. ئه‌وه دژایه‌تیه‌یه كه چاك و خراپ دروست ده‌كات و كۆمه‌ڵ بۆ پاراستنی خۆی له‌گه‌ڵ سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی ناو چوارچیوه‌كه‌ی خۆی، ده‌ی گونجێنێت، دژایه‌تی نه‌ته‌نیا كۆمه‌ڵگا ناشێوێنێت، به‌ڵكوو ده‌بێته هۆی پاراستنی. ئه‌وه كه ئێمه كه‌س یان شتێك به خراپ یان چاك بزانین، هه‌ر خودی ئه‌و بیره، له لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه چوه‌ته مێشكی ئێمه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وی بتوانێت له رێگه‌ی ئێمه‌وه خۆی بپارێزێت و به‌رده‌وام بێت...
ئێستا پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه كه ئایا منی تاك ده‌توانم خۆم له كۆمه‌ڵگا ده‌رباز بكه‌م یان بتوانم پێشی كه‌وم؟ به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و شتانه كه وتم، ئه‌م پرسیاره، پرسیارێكی بی مانایه! ئێمه هیچ ئازادیه‌كمان نیه كه بتوانین به بێ ره‌زامه‌ندی كۆمه‌ڵگا، هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێش یان پاش بڕۆین. ئیراده‌ی تاك، ئیراده‌یه‌كی بێ مانایه و بوونی نیه. هه‌ر كارێك بكه‌ین، وه هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك له منی تاكه‌وه سه‌رچاوه بگرێت وه‌ك گردیله‌یه‌ك له گه‌ڵ كرداری تاكه‌كانیتر كۆ ده‌بێته‌وه و جموجۆڵی كۆمه‌ڵگا ده‌خوڵقێنێت. زیندوویه‌تی سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی، له كرده‌وه‌ی تاكه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه هه‌موویان له لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه پلان رێژی بۆكراوه. ده‌توانم بڵێم ئیراده‌ی تاك، ئیراده‌یه‌كی كۆیه و سه‌رچاوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگایه و كۆمه‌ڵگا ئیرداه‌ی كۆی تاكه‌كانه. له ڕاستیدا كۆمه‌ڵگا خۆی خۆی ده‌خوڵقێنێت وه ویستی تاك، سه‌به‌خۆ له كۆمه‌ڵگا، شتێكی بێ مانا‌و پووچه‌ڵه.
ئێستا ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ بابه‌تی پێشوو كه وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی ئه‌م باسه بوو و كه‌مێك پێوه‌ندی پێوه بوو. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا بیه‌وێت من فیلسووفێكی خوڵقێنه‌ر و تیۆریسیه‌نێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بم، ئه‌و بێگومان ده‌بم و هه‌ر هه‌نگاوێكم به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه ده‌ڕوات، به‌ڵام من ئێستا هیچ نیم، به بێ ئه‌وی هه‌ست به هیچ ئازادی و ئه‌ختیارێك بكه‌م. له كونجێك داده‌نیشم و چاوه‌ڕێی كۆتایی ده‌كه‌م. من بووكه شووشه‌ی ده‌ستی كۆمه‌ڵگام. كۆمه‌ڵگا خودای تاكه‌كانه. بمانه‌وێت یان نه‌مانه‌وێت. خۆمان بكوژین یان نه. جه‌نایه‌تكار بین یان باشترین مرۆڤ، ئه‌وه كۆمه‌ڵگایه كه گشت ئه‌وانه‌ی خوڵقاندوه. هیچ مرۆڤێك نه تاوانباره نه شیاوی ڕێزگرتن! ئه‌وه كۆمه‌ڵگایه كه هه‌موومان به‌ره‌و ئه‌و شوێنه ده‌بات كه ویستی خۆیه‌تی. جیاوازی ئێمه ته‌نیا له جیاوازێ كات و شوێندایه له ناو سیسته‌می به‌ڕێوه چوونی كۆمه‌ڵگادا. ئیتر هیچ جیاوازێه‌كیترمان نیه. هیچ كات ناتوانین هه‌نگاوێك بكه‌وینه پێش كۆمه‌ڵگاوه، وه‌ك ماسیه‌ك كه ناتوانێت سه‌ری له ئاو ده‌ربهێنێت و بژی!