[خه‌وم بینی له ناوه‌ڕاست شه‌قامێكدا له سه‌ر پشت ڕاكشابووم. نه ده‌متوانی هه‌ستمه سه‌ر پێ و نه ده‌متوانی به باشی قسه بكه‌م. هاوكات یه‌كێك له خزمه‌كانیشم قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردم. هه‌رچۆنێك بوو تێمگه‌یاند كه یارمه‌تیم بدات به‌رز ببمه‌وه. دواتر كه له ناو شه‌قامه‌كه‌دا ئه‌گه‌ڕاین، من هیزی قسه‌كردنم نه‌بوو، لێوه‌كانم نه‌ده‌جوڵان، زارم نه‌ده‌كرایه‌وه... كاتێك له‌خه‌و هه‌ستام، وشه‌یه‌كم له به‌رخۆمه‌وه دوپات ده‌كرده‌وه: ئاواته‌كانم... ]
ژیان له هاتنه دنیا و منداڵیه‌وه ده‌س پێ ناكات، ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌یش كه هاوسه‌رگیری ئه‌كه‌ین و منداڵمان ئه‌بێت و كار و پیشه‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرین و سه‌رقاڵی ژیانی رۆژانه ده‌بین هێشتا ده‌ستی پێ نه‌كردوه. ئه‌وكاته‌یش كه شكستی یه‌ك له دوای یه‌ك هه‌ناسه‌ی پێ هه‌ڵچنیوین هێشتا نه‌چووینه‌ته ناو قوڵایی ژیانه‌وه. ژیان ئه‌و كاته ده‌س پێ ده‌كات كه وشیاریه‌ك سه‌رتاپامان له خۆ ده‌گرێت. كاتێك كه تێ ده‌گه‌ین كه وه‌ك گیاندا‌رێك به‌ره‌و كۆتاییه‌كی تراژیك ده‌ڕۆین، به بێ ئه‌وه‌ی كه پێشتر سه‌رنجمان دابێته ئه‌و خاڵه‌ی كه به‌ڕاستی من وه‌ك مرۆڤ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆم، ئاواته‌كانم چین و ئه‌ی بۆ پێیان ناگه‌م؟ كاتێك به‌م وشیاریه ده‌گه‌ین، كه وه‌ك كسێكی نامۆ ده‌ڕوانینه ژیانی خۆمان وه‌ك كه‌سێك كه له په‌نای ڕوبارێكدا وه‌ستاوه و ده‌ڕوانێته تێپه‌ڕینی ئاوی ئه‌و چۆمه. ئه‌و كاته تێ ده‌گه‌ین كه بێ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ری پێ بگرین به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕۆین، به‌ره‌و كۆتاییه‌ك كه نه بیرمان لێ كرده‌وه‌ته‌وه و نه پێشتر به گه‌وره‌یی و شكۆی ئه‌و تراژدیه‌مان زانیوه. له‌م كاته‌دایه كه ژیان به ته‌واو قورسایی و دڵره‌قی خۆیه‌وه له خۆیمان ده‌گرێت. ژێانێك كه ته‌نیا له بوونی كۆتاییه‌كی بێ مانادا، مانا په‌یدا ده‌كات. ژیان ئه‌و شته سه‌یره‌یه كه نه‌بوونی، مانای بوونی پێ ده‌دات...
ئاواته‌كانم؟ ئاواته‌كانم كامانه‌ن. بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه ئێستاكه من پاوێكی به‌ته‌مه‌نم، پیرم، دوایین رۆژی ژیانمه و ده‌ڕوانمه ڕابردوو، چاوم به‌ستوه و ڕوداوه‌كان و تێپه‌ڕینی كات دێنمه‌وه پێش چاوم. ژیانم وه‌ك هێڵێكی تاریك ده‌بینم كه ئاواته‌كانم، یه‌ك له دوای یه‌ك و به پێی ته‌مه‌ن، شوێنپێ یه‌كی ڕوناكیان له سه‌ری داناوه. كه چاوم ده‌كه‌مه‌وه ده‌بینم كه هه‌موویان له سه‌ر كۆتایی هێڵی ته‌مه‌ندا، له دوایین رۆژی ژیانمدا كۆ بونه‌ته‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت به كه‌مترین و چكۆله‌ترین ئاواتم گه‌یشتبم. ئه‌و كاته‌یه كه به‌ره به‌ره هێزی ژیان خۆی له له‌شم ده‌كێشێته ده‌ره‌وه و ده‌ڕوات و من به‌دوای ژیاندا ده‌ڕوانم كه ئارام ئارام، لێم دور و دورتر ده‌بێته‌وه.... ئه‌و كات مه‌رگ.
ئێستا ئاواته‌كانم چین؟كامانه‌ن؟ ئاواته‌كانم، ئاواته‌كانم، ئاواته‌كانم... ئه‌ی بۆ زارم داخراوه؟ بۆ ناكرێته‌وه؟ بۆ ناتوانم قسه بكه‌م؟ ئاواته‌كانم كامانه‌ن؟ ئاواته‌كانم... ئاواته‌كانم...